ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بڕیاریدا پەلە بکرێت لە ڕێکارەکانی دامەزراندنی حەوت هەزار و 300 کەس کە پشکی پارێزگاکەیە، ئەمەش دوای ئەوەی پرۆسەکە لە ماوەی ڕابردوودا بە سستی بەڕێوەچووە.
نەشئەت شاهوێز، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگادا بە فەرمی بڕیاردراوە کە پێویستە لیژنە پەیوەندیدارەکان زووتر کارەکانی خۆیان ڕاپەڕێنن و کۆتایی بە سستیی ڕێکارەکانی دامەزراندنی ئەو حەوت هەزار و 300 کەسە بهێنن.
شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دامەزراندنەکە لە ماوەی ڕابردوودا ناڕەزایەتی لێکەوتبووەوە، بەو پێیەی بە سستی بەڕێوەدەچوو، بەڵام بڕیارەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەن وەک هەنگاوێکە بۆ خێراکردنی پرۆسەکە.
هاوکات لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئاوڕی لە کێشەی جوتیارانی دەڤەرەکە دایەوە و بڕیاردرا ئاسانکاریی تەواو بۆ چارەسەکردنی کێشە و گرفتەکانیان بکرێت، تاوەکو بتوانن بەبێ ئاستەنگ بەرهەمی گەنمی ئەمساڵیان ڕادەستی سایلۆکان بکەن.