ڕاستەوخۆ

مامۆستایانی گرێبەست: داواکارین بکرێین بە هەمیشەیی

reset font size increase font size

سەرەڕای دابەشکردنی مووچەی زۆربەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، مامۆستایانی گرێبەست لە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا هێشتا مووچەی مانگی پێنجیان وەرنەگرتووە.

ئەم دواکەوتنەش دوای ئەوە دێت کە حکومەتی هەرێم بەهۆی بڕیارێکی قورسی بەغداوە بۆ بڕینی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ، ڕووبەڕووی کێشەی کەمیی سیولەی نەختینە بووەتەوە لەو بانکانەی مووچەی ئەو چینەیان لێ دابەش دەکرێت.

نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست لە کەرتی پەروەردە هۆشداریدەدەن کە ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوام بێت، هەڵوێستی جدییان دەبێت.

ئەوان ڕایانگیەیاندووە کە ئەگەری ئەنجامدانی گردبوونەوە لە سلێمانی و بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن وەک چەکێکی ناڕەزایەتی بە کراوەیی ماوەتەوە، هاوکات پلان دادەنێن بچنە بەغدا بۆ لۆبیکردن لە ڕێگەی پەرلەمانتارانی کوردەوە تا فشار بکەن کێشەکانیان لە ڕێگەی بە هەمیشەییکردن، هەژمارکردنی ساڵانی خزمەت، و پێدانی ئیمتیازاتی وەک مافی زەوی و خانەنشینی چارەسەر بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا ئاماژە بەوە دەکەن کە بەڵێنی وەرگرتنی مووچەیان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا پێدراوە، بەڵام ڕەخنەی توند دەگرن لەوەی داهاتی ناوخۆ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی فەرمانبەرانی میلاک بەکاربهێنرێت.

ئەوان دەڵێن پاکێجێکی گشتگیریان داوەتە حکومەت و لە وەڵامدا ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاندووە کە نووسراوی فەرمییان ئاڕاستەی بەغدا کردووە بۆ جێگیرکردنی شایستە داراییەکانیان لە هەموارکردنەوەی بودجەی 2026ـی عێراقدا.

هاوکات لەگەڵ کێشەی گرێبەستەکان، پرۆسەی دابەشکردنی مووچە یەخەی بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەییشی گرتووەتەوە؛ بە جۆرێک بەشێکیان بەهۆی نەبوونی پارەی کاش لە ئامێرەکانی ATM مووچەیان پێنەدراوە، و ئەوانەشی کە پڕۆژەی "هەژماری من"یان پڕنەکردووەتەوە مووچەکانیان ڕاگیراوە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی دووپاتی دەکاتەوە کە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دابینکردنی مووچەی سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان