ڕاستەوخۆ

بەڕێوەبەرە نوێیەکانی قامیشلۆ، دێرک و چل ئاغا دەستبەکاربوون

reset font size increase font size

لە ڕۆژاڤای کوردستان، بەڕێوەبەرە نوێیەکانی قامیشلۆ، دێرک و چل ئاغا بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی بەرچاو لە ڕێوڕەسمی جیاوازدا دەستبەکاربوون. 

دروستبوونی ئەم گۆڕانکارییە ئیدارییانەش دامەزراندنی یەکەم ژنە بەڕێوەبەری لەسەر ئاستی ناوچەیەک لە تەواوی سوریا لەخۆدەگرێت.

لە ڕێوڕەسمێکی جەماوەریدا بە بەشداریی هاوڵاتییان، دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان، بەڕێوەبەرە نوێیەکانی قامیشلۆ، دێرک و چڵئاغا پێشوازییان لێکرا و بەڕەسمی دۆسیەی کارەکانیان وەرگرت.

لە چوارچێوەی بڕیاری ئیداریی ژمارە 50 کە لە 19ی تەمووزدا دەرچووە، د. جیهان سەعید حوسام وەک بەڕێوەبەری ناوچەی قامیشلۆ دەستنیشانکرا.

 بەمەش بووە یەکەم ژن لە تەواوی سوریادا کە پۆستی بەڕێوەبەری ناوچەیەک (بەرپرسی ئیداریی ناوچەکە) وەربگرێت.

د. جیهان سەعید حوسام لە وتارێکدا جەختی لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی یەکسان بۆ هەموو شار و شارۆچکەکان کردەوە و ڕایگەیاند: "بەبێ جیاوازیی خزمەتی قامیشلۆ، ئامودێ، تربەسپی، تل حەمیس و جەزا دەکەین."

 ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە حەسەکە نموونەی پێکەوەژیانی گەلانی جیاوازە و هاوکاری و کاری بەکۆمەڵی بە گرنگ زانی بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی سوریا.

هاوکات لەسەر ئاستی گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی پارێزگای حەسەکە، شێڕۆ محەممەد شەڕۆ وەک بەڕێوەبەری ناوچەی دێرک و خالید ئیبراهیم ساڵح وەک بەڕێوەبەری ناوچەی چل ئاغا دەستبەکاربوون.

شێڕۆ محەممەد شەڕۆ، بەڕێوەبەری نوێی دێرک، لە ڕێوڕەسمی پێشوازیکردنیدا ڕایگەیاند، کار لەسەر بیستنی داواکارییەکانی خەڵک و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان دامەزراوەکان و هاوڵاتییان دەکەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بەهێزکردنی یەکێتیی کۆمەڵایەتی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە دێرک، چڵئاغا، تل کۆچەر، گڕکێ لەگێ و تەواوی ناوچەکە لە کارە لەپێشینەکانیان دەبێت.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.