کۆما جڤاتێن کوردستان (کەجەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاوای کوردستان و شەهیدبوونی سامی حوزنی، ڕەخنەی توند لە هەڵوێست و سیاسەتەکانی حکومەتی کاتیی سوریا دەگرێت و ڕایگەیاند، ڕەفتارەکانی ئێستای دیمەشق نیشانەی ئەوەن کە هیچ ئیرادەیەک بۆ قبووڵکردنی ماف و بەڕێوەبەریی خۆجێی ناوچەکە بوونی نییە.
کەجەکە ئاماژەی بەوە دا کە ناردنی هێزە ئەمنییەکان لە دیمەشق و حەلەبەوە بۆ ناوچەکانی ڕۆژاوا، بە مانای دووبارەکردنەوە و بەردەوامیدان بە سیاسەتی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو دێت، هەروەها سنوردارکردنی خوێندن بە زمانی کوردی دوای چواردە ساڵ، باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی حکومەتی کاتیی نایەوێت بە شێوەیەکی بنەڕەتی دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، جەخت لەوە کرایەوە کە شۆڕشی ڕۆژاڤای کوردستان گەلی کوردی گەیاندووەتە ئاستێکی بەرزی هۆشیاری و خاوەنی ئیرادەیەکی بەڕێکخستوکراوە، و کەجەکە وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتگیریکردنی گەلی ڕۆژاوا، سەرەخۆشیی ئاراستەی کەسوکاری شەهید سامی حوزنی و گەلی کوردستان کرد.