ئەنجوومەنی خۆجێیی کۆبانی سەر بە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا "ئەنەکەسە" بە توندی کوشتنی شەڕڤانێکی کورد بە ناوی سیپان ئیدانە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی کاتی سووریا بەرپرسیارە لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی و دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئاشتیی گشتی.
لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنەکەسە سەرنجی خەڵک بۆ ئەو ئاگرە وێرانکەرە ڕادەکێشێت کە لە زیندانی کۆبانی کەوتەوە و بەهۆیەوە دەیان زیندانی گیانیان لەدەست دا و برینداربوون، لە کاتێکدا بنەماڵەی یەکێک لە قوربانییەکان دەڵێن بڕیار بوو کوڕەکەیان ئەمڕۆ ئازاد بکرێت.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا داوا لە حکومەتی سووریا دەکات لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و سەربەخۆ لە سەرجەم ئەو ڕووداوانە دەستپێبکات، بە تایبەت سەبارەت بە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە لە زیندانی کۆبانی و پێشێلکاری و کردەوەکانی هێزەکانی حکومەت لە کاتی پێکدادان لەگەڵ خۆپیشاندەران و شەپۆلی دەستگیرکردنە بەکۆمەڵەکاندا.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوای ئەم ڕووداوانە، ماوەی دوو ڕۆژە لە کۆبانی ماتەمینیی گشتی ڕاگەیەندراوە.