- هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە یادکردنەوەی چوار ساڵەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، داوای مانگرتنی گشتی لە سەرانسەری شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی 16ی ئەیلوول دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هاوپەیمانییەکە داوای لە کۆمەڵانی خەڵک کردووە لەو ڕۆژەدا بەشدارییەکی فراوان لە مانگرتنی گشتیدا بکەن، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و ئاواتەکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی".
ژینا ئەمینی، کچە تەمەن 22 ساڵەکەی خەڵکی سەقز، لە 13ی ئەیلوولی 2022 لە تاران لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتەوە بە تۆمەتی نەبەستنی حیجابی پێویست دەستبەسەر کرا و دوای سێ ڕۆژ لە بێ هۆشی گیانی لەدەست دا، کە ئەوەش بووە هۆی هەڵگیرسانی شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.