لە ئێستادا 14 هەزار خێزانی ئاوارەکانی سەرێکانی چاوەڕێی گەڕانەوەن بۆ زێدی خۆیان و زیاتر لە 500 خێزانیش ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە لە چوارچێوەی کاروانی سێیەمی ئاوارەکان تۆمارکردووە.
جوان ئیسۆ ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی بە ئاژانسی هاواری ڕاگەیاند، زۆربەی ئەو خێزانانەی لەچوارچێوەی کاروانی سێیەم دەگەڕێنەوە لە قوتابخانەکاندا دەمێننەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، شاندی حکومەتی کاتیی سوریا، بەڕێوەبەرانی شاری سەرێکانی و پارێزگاری حەسەکە بەرپرسیارن لە دواکەوتنی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی بۆ زێدی خۆیان.
ئیسۆ جەختی لەوەکردەوە، پێویستە لایەنی ئیداری و شاندی سەرۆکایەتی حکومەتی کاتیی سوریا بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ دەرکردنی ئەو کەسانەی هاوردەی سەرێکانی کراون پێکبهێنن، داواشی لە خەڵکی سەرێکانی کرد دوای گەڕانەوەیان بەشداری لە کاروبارەکانی بەڕێوەبردنی شارەکەدا بکەن.