پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی شاری کۆبانێ و ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بەندیخانەی شارەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و حکومەتی کاتیی سوریای بە بەرپرسیاری سەرەکی دەستنیشان کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پەیەدە، بەرپرسیاری سەرەکیی ڕووداوەکانی کۆبانێ و شەهیدکردنی "سیپان حوزنی"، حکومەتی کاتیی سوریایە. ئاماژە بەوەش کراوە کە کاتی چوونی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناو شاری کۆبانێ، ڕەشبگیری و دەستگیرکردنی خەڵکانی سڤیل و دەربڕینی لێدوانی ڕەگەزپەرستانە لەلایەن ئەوانەوە، بوونەتە هۆی پەرچەکرداری توند و تووڕەییی خەڵکی ناوچەکە.
پەیەدە جەختیشی کردووەتەوە کە لە ئەنجامی ئەم گوشارانەدا، لە بەندیخانەی کۆبانێ ئاگر کەوتووەتەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە بەندکراوان شەهید و بریندار بوون.
پارتی یەکێتیی دیموکراتی باسی لەوەش کردووە کە حکومەتی کاتی بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی ئەم هەوڵانەیە بۆ دروستکردنی پشێوی، و هەوڵ دەدات ڕووداوەکان وەک "شەڕی عەشایەری یان کۆمەڵایەتی" بەرجەستە بکات.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، پەیەدە داوای کردووە بۆ کەیسی کوشتنی سیپان حوزنی و ئاگرکەوتنەوەکەی بەندیخانەی کۆبانێ لێکۆڵینەوەی بەپەلە ئەنجام بدرێت و تاوانباران دادگایی بكرێن.
هەروەها داوای لە سەرجەم پێكهاتە و هێزەکانی ناوچەکە کردووە لە بەرامبەر ئاژاوەگێڕییەکاندا هۆشیار بن، ئاشتی و برایەتیی گەلان بپارێزن و لە سەرکەوتنی تێکۆشانی ئاشتییانەی خۆیان بەردەوام بن.