سیپان حەمۆ، جێگری وەزیری بەرگریی سوریا، ڕایگەیاند کە قۆناغی تێکەڵکردنەوەی هێزە سەربازییەکان کۆتایی پێهاتووە و لەمەودوا پێویستە دەست بە هەنگاوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بکرێت، هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت کە ئەم قۆناغە نوێیە ئاسان نابێت.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیاکانی تورکیا، ناوبراو هۆشداری دا لەوەی کە هەندێک لایەن، بەتایبەتی ئیسرائیل، دەیانەوێت دەستوەردان لەم قۆناغەدا بکەن و پڕۆسەی تێکەڵکردنەوەی نێوان هەسەدە و حکومەت هەڵوەشێننەوە.
حەمۆ جەختی لەوەش کردەوە کە نابێت پێکهاتەی سیاسیی سوریا یەکلایەنە بێت، و چۆنیەتیی نزیکایەتیی حکومەت لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی وڵاتدا چارەنووسی سەرکەوتنی پڕۆسەکە دیاری دەکات.