لە درێژەی ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان هەسەدە و دیمەشق، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) مەرج و چوارچێوەی تێکەڵبوونیان بە وەزارەتی ناوخۆی سوریا ئاشکرا کرد.
ڕوکسەن محەمەد، گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ڕایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سوریا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی یەپەژە بە شێوەی یەکەی پارێزراو و بەکۆمەڵ تێکەڵ بە وەزارەتەکە بێت، نەک بە شێوەی دابڕاو یان تاکەکەسی.
گوتەبێژی یەپەژە جەختی لەسەر پاراستنی ناسنامەی هێزەکانیان کردەوە و گوتی: "یەپەژە، وەک هێزێکی تایبەتی ئۆپەراسیۆنی بە ڕێکخستن و بە تایبەتمەندیی خۆییەوە لە ناوچەکەی خۆیدا دەمێنێتەوە."
دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆکانیش ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا دانوستانەکان بەرەو ئاڕاستەیەکی ئەرێنی ڕۆیشتوون، بەڵام پرۆسەکە بەتەواوی کۆتایی نەهاتووە و هێشتا زۆر وردەکاریی هەمەلایەنە ماون کە پێویستە لە داهاتوودا قسەیان لەسەر بکرێت و ڕێککەوتنی کۆتاییان لەسەر بێت.