پارێزگای حەسەکە رايگەیاند کە یەکەم کاروانی ئاوارەکان کە زیاتر لە ٦٠٠ خێزان لەخۆ دەگرێت، دووشەمە دەگەڕێنەوە بۆ شاری سەرێ کانی.
نورەدین ئەحمەد، پارێزگای حەسەکە، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە دا کە سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوەی ئەو ٦٠٠ خێزانە تەواو کراون کە لە دەرەوەی ناوچەکانی خۆیان چاوەڕێی گەڕانەوە دەکەن.
پارێزگار ڕوونی کردەوە کە پرۆسەکە بە شێوەی پلانبۆدراو و قۆناغ بە قۆناغ بەڕێوە دەچێت؛
پرۆسەکە دوای لێکتێگەیشتن و گۆڕینەوەی شوێنەکان دەبێت، بە جۆرێک ئەو هاووڵاتییانەی ئێستا لە سەرێ کانی دەژین و خەڵکی گەڕەکەکانی خوەیران و عەزیزییەی حەسەکەن دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان، و ئاوارەکانی سەرێ کانیش دەگەڕێنەوە شارەکەیان.
ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە کەمکردنەوەی ژمارەی ئاوارەکانە لە پارێزگای حەسەکە بۆ سفر.
بڕیاری گەڕانەوەی ئاوارەکان دوای کۆبوونەوەیەکی فراوان هات کە بە سەرۆکایەتیی پارێزگای حەسەکە و بە بەشداریی نوێنەرانی ئاوارەکان، فەرماندەکانی هێزەکانی ناوخۆ و پەرلەمانتارانی ناوچەکە بەڕێوە چوو، و تێیدا جەخت لەسەر بەهێزکردنی کولتووری پێکەوەژیان و ڕێگریکردن لە وتاری ڕقایەتی کرایەوە.
جێی باسە پێشتر عەبدوڵڵا ئەلجەشەم، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرێ کانی، لە ٢٢ی تەممووزدا ڕایگەیاندبوو کە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ هیچ کەسێکی ئاوارە لە ناوچەکەدا نامێنێت و سەرجەم خانووە دەستبەسەرداگیراوەکان دەدراونەتەوە دەست خاوەنە ڕەسەنەکانیان.