فەرماندەییی ئاسایشی ناوخۆ لە حەسەکە ڕایگەیاند، هێرش کراوەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی سەر بە هێزەکانیان لەسەر ڕێگەی نێودەوڵەتیی M4 لە نێوان قامشلۆ و حەسەکە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو کەسی نەناسراو کە سواری ماتۆڕسکیلێک بوون، تەقەیان لە مەفرەزەیەکی ئاسایشی پاراستنی دامەزراوەکان کردووە لە بەرامبەر زانکۆی قورتوبە لە نزیک دووڕیانی عەمبارە لە قامشلۆ. لە ئەنجامی هێرشەکەدا، گەنجێکی 18 ساڵان بە ناوی عەبدولعەزیز فەیسەڵ حەسەن گیانی لەدەستدا و هاوکارێکی دیکەشی بریندار بوو.
هەردوو قوربانییەکە فەرمانبەری کۆمپانیای نەوتی جەزیرە بوون و لە ناو ئۆتۆمبێلی ئاسایشدا بوون تاوەکو بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان بگەیێندرێنە شوێنی تانکەرە نەوتەکان.
لایەنە ئەمنییەکان ئاشکرایان کردووە، هێرشبەرەکان هەڵاتوون و لێکۆڵینەوەی ورد بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەیان و هۆکاری ڕووداوەکە دەستی پێکردووە.