لە گوتارێکدا بە بۆنەی سەد ساڵەی دامەزراندنی شاری قامیشلۆوە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕایگەیاند کە سەرەڕای کەموکوڕی و هەڵەکان، هەسەدە لە سەختترین هەلومەرجدا ئاسایشی ناوچەکە و گەلەکەی پاراستووە.
مەزڵووم عەبدی ڕایگەیاند کە پڕۆسەی یەکگرتنی سەربازی، ئەمنی و ئیداری لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا تەواو بووە و لە ئەمڕۆوە قۆناغێکی نوێ دەست پێ دەکات. فەرماندەی هەسەدە جەختیکردەوە کە بڕیاری تێکەڵبوون بە دەوڵەتی سووریا تەنها لە پێناو بەرژەوەندی و پاراستنی گەلەکەماندا دراوە.
خاڵە سەرەکییەکانی گوتارەکەی مەزڵووم عەبدی:
زمانی دایک و خوێندن:
داواکاریی سەرەکی ئەوەیە که لە قۆناغی داهاتوودا منداڵانی کورد لە ناوەندەکانی خوێندن بە زمانی دایکیان پەروەردە ببن و بخوێنن و دەبێت منداڵەکانمان لەمەودوا بە زمانی دایکیان بخوێنن.
تێکەڵبوون بە دەوڵەتی سووریا:
لە پێناو پاراستنی گەلەکەماندا، بڕیاری تێکەڵبوونمان بە دەوڵەتی سووریا داوە و پرۆسەی یەکگرتنی سەربازی، ئەمنی و ئیداری لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بە کۆتا گەیشتووە.
شەڕی سیاسی و دەستوور:
مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە کە شەڕی داهاتوو شەڕی سیاسی دەبێت و تێکۆشانیان بە بەهێزی بەردەوام دەبێت تاوەکو مافەکانی گەلی کورد بە شێوەیەکی فەرمی و هەمیشەیی لە دەستووری نوێی سووریادا دەچەسپێنرێن و گرەنتی دەکرێن.
دەستکەوتەکانی شۆڕش:
ئەو دەستکەوتانەی ئێستای ڕۆژئاوا بەرهەمی ڕەنج و شۆڕشی گەلەکەن و هەسەدە تەنها بۆ پاراستنی خەڵکی ڕۆژئاوا دروستبوو.
قوربانیدان و هاوکاری:
ئەو هێزەی لە ڕۆژئاوای کوردستان قوربانیدا ئەرکی خۆی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد. هەزاران کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان لە پاڵ شەڕڤاناندا ڕۆژئاوایان پاراست و ڕێز و پێزانینی ئاراستەیان کرا.
پەیام بۆ ڕێبازی شەهیدان:
ناوبراو ڕوونی کردەوە کە شەهیدان بۆ قۆناغێکی کاتی گیانی خۆیان نەکردووەتە قوربانی، بەڵکو بۆ داهاتوویەکی باشتر بوون، و ئەرکی ئێستاش پاراستنی دەستکەوتەکان و بەردەوامیدانە بە ڕێبازەکەیان بە یەکڕیزی و بەهێزی سیاسییەوە.