ئەنجوومەنی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمیددا داوا لە سەرجەم دەزگا میدیاییەکان دەکات ڕێزی زیاتر لە هونەرمەندان بگرن و خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوکردنەوەی ئەو دیمانانەی کە زیان بە شکۆ و پێگەی کەسایەتییان دەگەیەنن.
لە ناوەڕۆکی ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، پێویستە تێکڕای دەزگا میدیاییەکان خۆیان بەدوور بگرن لە پیشاندانی دیمانەی ئەو هونەرمەندانەی کە بەهۆی باری تەندروستی یان هەڵکشانی تەمەنەوە، ناتوانن قسە و کرداریان وەک پێویست بێت لەبەردەم کامێرادا.
هۆکاری دەرکردنی ڕاگەیێنراوەکە
دۆخی تەندروستیی هونەرمەندان:
لە ماوەی ڕابردوودا چەند دیمانەیەک لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەندی ناسراو کراون کە بەهۆی نالەباریی دۆخی تەندروستییانەوە بە شێوەیەکی نەگونجاو لە ڕێگەی میدیاکانەوە دەرکەوتوون.
پێشێلکاریی ئێتیکی میدیایی:
سەندیکاکە ئاماژەی بەوە داوە کە هەندێک لە ڕۆژنامەوانان بەبێ ڕەچاوکردنی ئێتیکی کاری ڕۆژنامەوانی و دۆخی مرۆیی هونەرمەندان، گرتە و دیمانەکان بڵاو دەکەنەوە.
کاریگەریی نەرێنی:
بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە و دیمانانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی نەرێنی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی شکاندنی شکۆی ئەو کەسایەتییە هونەرمەندانەی خزمەتی گەورەیان بە هونەری وڵات کردووە.
سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرەڕای ڕەخنەکانیان، تێکڕای هەوڵی دڵسۆزانەی میدیاکان بۆ خزمەتکردن و بەسەرکردنەوەی هونەرمەندان بە ڕێزەوە دەنرخێنن.
