شارەوانیی گەورەی ئامەد لە باکووری کوردستان، کارەکانی بۆ بەهێزکردنی پێگەی زمانی کوردی لە کەرتی گشتی و گەشەپێدانی بەھرەی منداڵان چڕتر دەکاتەوە و لەم چوارچێوەیەدا، دوو پڕۆژەی گرنگی ڕاگەیاند، کە بریتین لە داڕشتنی زاراوەیەکی یەکگرتووی کوردی بۆ کارگێڕیی شارەوانییەکان و دەستپێکردنی خولی گەڕۆکی مۆسیقا بۆ منداڵان.
بەڕێوەبەرایەتیی پاراستن و گەشەپێدانی زمان لە ژێر چاودێریی سەرۆکایەتیی فەرمانگەی ڕۆشنبیری و هونەری شارەوانیی گەورەی ئامەد، کۆڕبەندێکی زانستیی شەش ڕۆژەی لەژێر ناوی "کۆڕبەندی زاراوەکانی شارەوانی" لە ناوەندی گەشتوگوزاری و داهێنانی سەر بە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد (DTSO) ڕێکخست.
ئەم کۆڕبەندە لە نێوان 7 بۆ 12ـی تەممووزی 2026 بەڕێوەدەچێت و تێیدا چەندین ئەکادیمیست، زمانەوان و توێژەر لە خۆراسان، باشووری کوردستان، وڵاتانی ئەوروپا و شارە جیاوازەکانی تورکیاوە بەشدارییان تێدا کردووە. ئامانجی سەرەکیی کۆڕبەندەکە، یەکخستنی ئەو تێگەیشتن و زاراوە کوردییانەیە، کە لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێیییەکاندا بەکاردێن، تاوەکو لە کۆتاییدا فەرهەنگێکی یەکگرتووی فەرمی بۆ سەرجەم شارەوانییەکانی ناوچەکە دابڕێژرێت و ڕاپۆرتی کۆتاییش پێشکەش بە ڕای گشتی دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، کۆنسەرباتۆری شاری ئامەد (ئارام تیگران) پڕۆژەیەکی تری لەژێر ناوی "وۆرکشۆپی گەڕۆکی مۆسیقا" بۆ منداڵانی گوند و ناوچە دوورەدەستەکان دەستپێکردووە. ئەم پڕۆژەیە لە 7ـی تەممووزەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو 5ـی ئابی 2026 بەردەوام دەبێت، کە تێیدا منداڵان لە ڕێگەی چالاکییەکانی لێدان، مۆسیقا، شێوەکاری و بەرهەمهێنانی هاوبەشەوە بەهرەکانیان گەشەی پێ دەدرێت.
یەکەم وێستگەی ئەم کاروانە هونەرییە، گوندی "ڕەشکان" بوو لە سنووری قەزای فارقین. تیمی کۆنسەرباتۆرەکە لەگەڵ منداڵانی گوندەکە کۆبوونەوە و لەژێر چاودێریی مامۆستایاندا دیمەنێکی ڕەنگینیان لە فێربوونی مۆسیقا و وێنەکێشان پێشکەش بە منداڵانی ناوچەکە کرد.