ڕاستەوخۆ

تەندروستیی جیهانی: تا ساڵی 2050 ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە دەگاتە 35 ملیۆن کەس

reset font size increase font size

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) هۆشداریی توند دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ڕێوشوێنی بەپەلە نەگیرێتەبەر، ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لەسەر ئاستی جیهان تا ساڵی 2050 ساڵانە دەگاتە 35 ملیۆن کەس، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەش لە هەر 5 کەس یەکێکیان لە ماوەی ژیانیدا تووشی ئەم نەخۆشیە دەبێت.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و ئاژانسی نێودەوڵەتیی لێکۆڵینەوەی شێرپەنجە لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرایان کردووە، ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە زیادبوونە، بە جۆرێک لە ساڵی 2024دا 20.6 ملیۆن حاڵەت تۆمارکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2050 ئەم ژمارەیە بگاتە نزیکەی 35 ملیۆن حاڵەتی ساڵانە.

نەخۆشینی شێرپەنجە دوای نەخۆشییەکانی دڵ و ملوولەکانی خوێن، وەک دووەم هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدان لە جیهاندا تۆمار کراوە و ساڵانە دەبێتە هۆکاری مردنی 9.7 ملیۆن کەس، کە لەو ژمارەیە زیاتر لە 4.8 ملیۆن کەسیان تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 69 ساڵیدایە و وەک مردنی پێشوەختە ئەژمار دەکرێت.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، نزیکەی 92%ـی دانیشتووانی جیهان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی تووشبوونی ئەندامانی خێزانەکانیانەوە بەدەست ئەم دۆخەوە دەناڵێنن.

ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر جیاوازییە گەورەکانی نێوان وڵاتانی دەوڵەمەند و هەژار لە ڕووی دەستڕاگەیشتن بە چارەسەر، بۆ نموونە ڕێژەی مانەوە لە ژیان بۆ ماوەی 5 ساڵ دوای دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک لە وڵاتانی دەوڵەمەنددا 87%ە، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە وڵاتانی فەقیر و کەمداهات بەهۆی نەبوونی دەرفەتی پزیشکیی پێویست تەنیا 42%ە.

لەمبارەیەوە تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرەیەسوس، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند: "نابێت چانسی ڕزگاربوون لە شێرپەنجە بەستراوەبێت بەو شوێنەی مرۆڤ لێی لەدایکبووە یان بە ئاستی داهاتییەوە".

بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە، شێرپەنجە لە 41 وڵاتدا هۆکاری یەکەمی مردنی پێشوەختەیە. جۆرەکانی شێرپەنجە بەم شێوەیە پۆلین کراون:

لە نێوان ژناندا: شێرپەنجەی مەمک لە پلەی یەکەمدایە.

لە نێوان پیاواندا: شێرپەنجەی سییەکان، پرۆستات و کۆڵۆن (ڕیخۆڵە).

لەسەرانسەری جیهاندا: شێرپەنجەی سییەکان لە ڕیزی یەکەمی هۆکارەکانی گیانلەدەستداندایە.

ڕێکخراوەکە گەورەترین هۆکارەکانی مەترسیی تووشبوونی بۆ کێشانی جگەرە، خواردنەوەی کحول، قەڵەوی، کەمبوونەوەی جووڵە و خواردنی ناتەندروست گەڕاندووەتەوە و هۆشداری دەدات، کە ئەم نەخۆشییە جگە لە بارگرانیی تەندروستی، بەهۆی تێچووە دارایییە قورسەکان و کاریگەرییە دەروونییەکانەوە، بارێکی زۆر گران دەخاتە سەر شانی خێزانەکان.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.