بە گوێرەی زانیاری ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ لە کوردستان، شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە، دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی سەلام بەهرامی و سەروەر بەهرامی، ماوەی نزیکەی دوو مانگە لە ژووری تاکەکەسیی گرتووخانەی دیزڵئاوای کرماشاندا ڕاگیراون.
لە گرتووخانەی دیزڵئاوای کرماشان، هاووڵاتییەکی تر بە ناوی سرووش کەرەمی، کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێراندا دەستبەسەر کرابوو، هێشتا لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بڵاویکردووەتەوە، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارۆچکەی نەڵاسی سەر بە سەردەشت بە ناوەکانی ئەبووبەکر یووسفی و یوونس موساپوور دەستبەسەر کراون.
دوای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنیان، هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتەکان و دۆخی تەندروستییان بە نادیاری ماوەتەوە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی هانا، هێزە ئەمنییەکان لە شاری مەهاباد دوو هاووڵاتیی تریان دەستبەسەر کردووە، بە ناوەکانی:
سەردار ئوستاد ئەحمەدی: هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەبێ بەڵگەی دادوەری هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و بەرەو شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە. بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەشی تا ئێستا بی ئەنجام بووە.
مستەفا ئیبراهیمی: ئەم هاووڵاتییەش بە هەمان شێوە بەبێ فەرمانی دادوەر لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی فەرمی لەسەر شوێنی ڕاگرتن یان هۆکاری گرتنەکەی بڵاوبکرێتەوە.