فاتمە ئەحمەد، نووسەر و دەرهێنەری شانۆیی لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕێگەی بەرهەمە هونەرییەکانییەوە کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نادادیی کۆمەڵایەتی و ڕەگەزپەرستی دەکات و تیشک دەخاتە سەر ئازار و دۆخی ژنان.
فاتمە ئەحمەد، کە خەڵکی شاری سەرێکانییە و هونەری شانۆی لە باوکییەوە (فەواز ئەحمەد، شانۆکاری کۆمەڵەی تۆڵهەڵدان لە سەرەتای ساڵانی 1990) وەرگرتووە، لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوادا بە شێوەیەکی پیشەگەر دەستی بە نووسین و دەرهێنانی شانۆیی کردووە تاوەکو ڕەنگدانەوەی بارودۆخی شەڕ، ئاوارەیی و ئازارەکانی کۆمەڵگە بێت.
ئەم دەرهێنەرە لە کارە هونەرییەکانیدا سەرنجی تایبەتی خستووەتە سەر بەهێزکردنی پێگەی ژنان، بەتایبەتی لە سەردەمی هێرشەکانی سەر سەرێکانی و ئاوارەبووندا.
فاتمە ئەحمەد جەخت دەکاتەوە، ژنانی ڕۆژئاوا لە سەردەمی شۆڕشدا بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی قورسیان هەڵگرتووە و توانویانە لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، سەربازی و کلتوریدا خۆیان ڕێک بخەن و ببنە خاوەنی ئیرادەیەکی سەربەخۆ.