پارتی نوێ (YENİ Parti)، لە تورکیا ئامادەکارییەکانی بۆ سازدانی یەکەمین کۆنگرەی گشتیی خۆی دەست پێ کرد و زەینەل ئیمرە، وتەبێژی حزبەکە ڕایگەیاند کە ئامانجیانە لە کۆتایی مانگی ئەیلوول یان سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا کۆنگرەی گشتی ببەستن.
گوتەبێژی پارتی نوێ ڕوونیشی کردەوە، ئەنجوومەنی بەڕێوەبەردنی حزبەکە لەگەڵ سەرۆکی گشتیدا دەستەی مەکتەبی سیاسیی پەسەند کردووە و لە هەفتەی داهاتووشەوە سیستمی ئەلیکترۆنیی ئەندامبوون و کۆکردنەوەی بەخشینە دارایییەکان بە شێوەیەکی فەرمی دەست بەکار دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، زەینەل ئیمرە ئاماژەی بەوە کرد، کارەکانی ڕێکخستن لە 81 پارێزگای تورکیا بە خێرایی بەردەوامن و بەم زووانە ژمارەیەک سەرۆک شارەوانی و ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان پەیوەندی بە ڕیزەکانی حزبەکەوە دەکەن.
گوتەبێژی پارتی نوێ باسی لەوەش کرد، پەیوەندیی دەستپێک لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ و پارتی سۆسیالیستی ئۆتۆپیا دروست کراوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا داواکاریی فەرمی بۆ بوون بە ئەندام لەو دامەزراوانە پێشکەش دەکرێت.