ڕاستەوخۆ

گۆگڵ درووستکردنی چاویلکەی زیرەکی جێمینای ئاشکرا کرد

reset font size increase font size

ئێوارەی سێشەممە 19ی ئایاری 2026، کۆمپانیای تەکنەلۆژیای ئەمریکی 'گۆگڵ'، لە هەنگاوێکدا بۆ زیاتر کێبڕکێکردن لەگەڵ کۆمپانیای 'مێتا پلاتفۆرمز' لە بازاڕی ئامێرە زیرەکەکاندا، چاویلکەیەکی زیرەکی ئاشکرا کرد، کە بە ئەپڵیکەیشنی زیرەکی دەستکردی 'جێمینای' کار دەکات.

گۆگڵ کە خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای 'ئەلفابێت' دەگەڕێتەوە، لە کۆنگرەی ساڵانەی گەشەپێدەرانی 'گۆگڵ ئای/ئۆ' ڕایگەیاند، دوو چاویلکەیان دروست کردووە بە کامێرا و بڵندگۆ ئامادە کراون و لە کۆتایی ئەمساڵدا دەیانخەنە بازاڕەوە. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کرد، چاویلکەکان بە هاوکاریی کۆمپانیای کۆریای باشوور 'سامسۆنگ ئەلیکترۆنیکس' و دوو کۆمپانیای دروستکردنی چاویلکە بە ناوەکانی 'جێنتڵ مۆنستەر' و 'وۆربی پارکەر' بەرهەم هێنراون.

تایبەتمەندییەکانی چاویلکەکە:

کامێرای نێو چاویلکەکە زانیارییەکان دەگەیەنێتە یاریدەدەری زیرەکی دەستکردی 'جێمینای ئەی. ئای' و ڕێگە بە بەکارهێنەر دەدات پرسیار لەسەر ئەو شتانە بکات، کە دەیانبینێت.

جێمینای دەتوانێت ڕای کڕیاران لەسەر چێشتخانەیەکی نزیک بەکارهێنەر بخاتە ڕوو، یان شرۆڤەی شێوەی هەورەکان بکات، یان نامەکان بخوێنێتەوە و ڕێنمایی بەکارهێنەر بکات لە کاتی پیاسەکردندا.

چاویلکەکە سوود لە دەستڕاگەیشتنی جێمینای بە داتاکانی بزوێنەری گەڕانی گۆگڵ و خزمەتگوزارییەکانی وەک نەخشەکان، ئیمەیڵ و ئەپڵیکەیشنەکانی دیکە وەردەگرێت.

ئەم هەنگاوەی گۆگڵ لە کاتێکدایە مێتا پلاتفۆرمز چەند ساڵێکە سەرقاڵی پەرەپێدانی چاویلکەی زیرەکە و لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 7 ملیۆن چاویلکەی بە براندەکانی 'ڕەی-بان' و 'ئۆکلی' فرۆشتووە. هاوکات ڕاپۆرتە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن، کە کۆمپانیای ئەپڵیش چەند ساڵێکە خەریکی پەرەپێدانی چاویلکەی زیرەکی خۆیەتی.

هەرێمی کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.