ڕاستەوخۆ

نزیکەی 10 هەزار کورد لە ئێرلەندا دەژین و تەنیا 25%ـیان وەک کورد تۆمارکراون

reset font size increase font size

ژمارەی دانیشتووانی کوردی نیشتەجێی ئێرلەندا لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە نزیکەی 10 هەزار کەس، بەڵام بەهۆی ڕێکارە کارگێڕییەکانەوە، تەنیا 2 هەزار و 500 کەسیان لە ئامارە فەرمییەکاندا وەک "کورد" تۆمارکراون و ئەوانی دیکە لەسەر بنەمای ڕەگەزنامەی وڵاتانی عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا پۆلێن دەکرێن.

ئەم دۆخە بۆ چەندین ساڵ کۆمەڵگەی کوردی لە هەبوونی دەنگێکی یەکگرتوو بێبەش کردبوو، بەڵام ئێستا "ناوەندی کولتووریی کوردی لە ئێرلەندا" لە شاری دبلین هەوڵی پڕکردنەوەی ئەم بۆشایییە دەدات.

ئەم ناوەندە کە لەلایەن "هیوا وەهاب"ەوە دامەزراوە، بووەتە چەترێکی سەرەکی بۆ کۆکردنەوەی کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان.

ناوەندەکە هەفتانە وانەکانی فێربوونی زمانی کوردی (شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی) بۆ نەوەی دووەمی کۆچبەران ڕێکدەخات و هاوکات لە بۆنە نیشتمانی و جیهانییەکانی وەک نەورۆز و ڕۆژی سانت پاتریکدا، پردی پێوەندی لە نێوان هەردوو کولتوورەکەدا دروست دەکات.

خزمەتگوزاریی مرۆیی و دەستپێشخەریی کۆمەڵایەتی

چالاکییەکانی ئەم ناوەندە تەنیا لە بواری کولتووریدا قەتیس نابن، بەڵکو حەوت ڕۆژی هەفتە بە شێوازی خۆبەخشانە خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر پێشکەش دەکەن:

پشتیوانیی کۆچبەران: خۆبەخشەکان لە پرۆسەی داواکاری مافی پەنابەرێتی، وەرگێڕانی بەڵگەنامەکان و پەیوەندیکردن لەگەڵ پارێزەران و نەخۆشخانەکاندا یارمەتیی تازەهاتووان دەدەن.

هاودەنگی لە کاتی قەیراندا: لە ساڵی 2021دا، دوای گیانلەدەستدانی خوێندکاری دکتۆرای کورد "کارزان سەباح ئەحمەد" و خێزانەکەی لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا، ناوەندەکە هاوکار بوو لە گواستنەوەی تەرمەکانیان بۆ هەولێر و توانی زیاتر لە 120 هەزار یۆرۆ کۆمەک بۆ بنەماڵەکەیان کۆبکاتەوە.

ڕێزلێنانی حکومەتی ئێرلەندا

کوردکانی ناوەندەکە لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا، سەرنجی باڵای بەرپرسانی ئێرلەندای ڕاکێشا.

 ناوبراو بەهۆی هاوکاریکردنی بەساڵاچووان و خێزانە کەم دەرامەتەکان، نامەیەکی ڕێزلێنانی فەرمی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی ئێرلەندا، مایکل مارتن، پێشکەش کرا.

 مارتن لە نامەکەیدا نووسیبووی: "بەهای خۆبەخشەکان ناتوانرێت نرخێکی لەسەر دابنرێت."

ئێستا کۆمەڵگەی کوردی لە ئێرلەندا خاوەنی نموونەی سەرکەوتووی وەک "زەک مورادی"یە، کە وەرزشوانێکی دیاری یاریی نەریتیی «هورلینگ»ە لەو وڵاتەدا. دامەزرێنەرانی ناوەندەکە گەشبینن کە بە ئامادەیی نەوەی نوێ، پێگەی کورد لە ناو کۆمەڵگەی ئێرلەندادا بەهێزتر دەبێت و ناسنامە و زمانی دایکیش بۆ نەوەکانی داهاتوو دەپارێزرێت.

 ا

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.