کۆمینی فیلمی ڕۆژاڤا، نوێترین بەرهەمی سینەمایی خۆی بەناوی "هەڤاڵ کاکی من" بۆ نمایش ئامادە کرد، کە باس لە ژیان و نەهامەتییەکانی خێزانێکی کورد دەکات، لە کاتی داگیرکردنی شاری تەبقە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە.
کۆمینی فیلمی ڕۆژاڤا ڕایگەیاند، فیلمەکە لە زستانی 2023 وێنەگرتنی تەواو بووە و ئێستا لە قۆناغی ئامادەکردنی پۆستەر و ترایلەردایە. چیرۆکی فیلمەکە لە ڕووداوێکی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە و باس لە خێزانێک دەکات، لە گوندێکی تەبقە، کە باوکیان کوردە و لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا ڕووبەڕووی ستەمێکی زۆر دەبنەوە، لە کاتێکدا کوڕە گەورەکەیان لە ڕیزەکانی گەریلادا شەهید بووە.
کۆمینی فیلمی ڕۆژاڤا لەبارەی وردەکاریی هونەریی فیلمەکە ئاشکرای کرد، سیناریۆی فیلمەکە لەلایەن (ئۆندەر چاکار)ەوە نووسراوە و (هاشم ئایدەمیر) دەرهێنانی بۆ کردووە و ڕایگەیاند: "فیلمەکە 100 خولەکە و تیشک دەخاتە سەر کاریگەریی شەهیدبوونی کوڕی خێزانەکە و ئەو ساتە وەختەی، کە دوای ڕزگاربوونی شارەکە، دوو شەڕڤانی یەپەگە و یەپەژە هەواڵی شەهیدبوونەکەیان بۆ دەبەنەوە".
کۆمینەکە ڕاشیگەیاند: "دوای تەواوبوونی کارە تەکنیکییەکان، فیلمەکە بەشداری لە چەندین فیستڤاڵی نێودەوڵەتیدا دەکات و بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی 2026 لە فیستیڤاڵێکی تایبەت لە ڕۆژاڤای کوردستان نمایش بکرێت".
بەڕێوەبەرانی کۆمینەکە جەختیان لەوە کردەوە، ئێستا خەریکی ئامادەکاریی سەرەتایین بۆ ڕێکخستنی فیستڤاڵەکە و گوتیشیان: "ئامانجمان نیشاندانی ڕاستی و ئازارەکانی خەڵکی ناوچەکەیە لە ڕێگەی هونەری سینەماوە".
لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین فیلم و دۆکیۆمێنتاری لەسەر بەرگری گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرهەم هێنراون، کە توانیویانە لە ئاستی جیهانیدا دەنگدانەوەی گەورەیان هەبێت.