ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە تورکیا لە دەستوری پاشماوەی کودەتا ڕزگار بکرێت و دەستورێکی نوێی شارستانی و ئازادیخواز دابڕێژرێتەوە، کە گوزارشت لە ئیرادەی گەل بکات.
ئەمڕۆ، لە میانی بەشداریکردنی لە یادی 158 ساڵەی دامەزراندنی ئەنجومەنی شورا، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، دەستورەکانی پێشوو بەرهەمی کودەتا و دەستوەردانی دەرەوەی یاسا بوون و گوتی: "نەهێشتنی ئەم شەرمەزارییە دیموکراسییە، قەرزێکی سەر شانی سیاسەتی تورکیایە".
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی گرنگیی دەستوری داهاتوو تایبەت بە ناوەندەکانی بڕیار ڕایگەیاند: "پێویستە دەستور ببێتە دەقێک، کە گەل بۆ دەوڵەتی دیاری دەکات. گوتیشی: "دەستورێکی نوێ، گشتگیر و شارستانی، دەرفەتێکمان بۆ دەڕەخسێنێت، کە دیموکراسییەتەکەمان لە خوارەوە بۆ سەرەوە بونیاد بنێینەوە".
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕاشیگەیاند: "ئەم بابەتە لە سەرووی هەموو حساباتێکی بیرکاری سیاسییەوە دەبینین و لە سەرووی کارنامەی چاکسازییەکانماندا دەمێنێتەوە، چونکە بڕوامان وایە بەم جۆرە دەستورە دەتوانین یاسا، دیموکراسی، دەوڵەت و گەل پێکەوە بپارێزین".
سەرۆکی تورکیا جەختی لەوەش کردەوە، لە 23 ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی چاکسازیی یاسایی و گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی، هەوڵ دراوە ئیرادەی گەل بە بێ ناوەند لە ئیدارەی دەوڵەتدا ڕەنگ بداتەوە و گوتیشی: "ئێمە بەستەڵەکی نێوان کۆمار و جەماوەرمان تێکداوە و کۆتاییمان بە هەموو جۆرە جیاکارییەک هێناوە".