ڕاستەوخۆ

کارگەی شانۆ دژایەتیی خۆی بۆ سانسۆرکردنی کاری هونەری لەلایەن پۆلیسی هەرێمەوە ڕادەگەیەنێت

reset font size increase font size

کارگەی شانۆ لە ڕاگەیاندراوێکی تونددا سەرکۆنەی بڕیارێکی نوێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات، کە تایبەتە بە سانسۆرکردنی ئەو فیلم، دراما و شانۆگەرییانەی کارەکتەری "پۆلیس"یان تێدایە. هاوكات ڕەخنەی توند ئاڕاستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری دەکرێت بەهۆی بێدەنگبوونی لە ئاست ئەم بڕیارە.

کارگەی شانۆ لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئەم هەنگاوەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی بە پاشەکشەیەکی مەترسیداری ئازادیی ڕادەربڕین و داهێنانی هونەری لە باشووری کوردستان ناوبرد و ڕایگەیاند، ئەم بڕیارانە هونەر بەرەو سەردەمی سانسۆری فاشیستی دەگێڕنەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، پاساوەکەی پۆلیسی هەرێم بۆ ڕێگریکردن لە نیشاندانی نەشیاوی کارەکتەری پۆلیس و سووکایەتیکردن پێی، هاوشێوەی ئەو ڕێکارە سەرکوتکارییانەیە، کە لە سەردەمی حوکمی مۆسۆلینی لە ئیتاڵیا زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر پەیڕەو دەکرا، کە تێیدا دەسەڵاتی سەربازی و ئەمنی کۆنترۆڵی تەواوی کایە کولتوورییەکانی دەکرد.

کارگەی شانۆ لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، وەزارەت لەبری ئەوەی ببێتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی سەربەخۆیی، پێگەی یاسایی و ئازادیی هونەرمەندان، کەچی لەم کێشەیەدا بووەتە جێبەجێکاری ڕێنمایی و پێوەرە ئەمنییەکان، کە لەلایەن دەزگا پۆلیسییەکانەوە دەسەپێندرێن.

هونەرمەندان و ڕێکخەرانی کارگەی شانۆ دووپاتی دەکەنەوە، هونەر ئاوێنەی کۆمەڵگەیە و نابێت هیچ دەزگایەکی ئەمنی یان حکومی سنوور بۆ خەیاڵ و ڕەخنەی بونیادنەرانەی بواری شانۆ و سینەما دیاری بکات و داوا دەکەن دەستبەجێ کەرتی هونەری لەم جۆرە بڕیارە ئەمنییانە بەدوور بگیرێت.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.