بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری گشتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، بە فەرمی لیستی کەمترین کۆنمرەی وەرگرتنی خوێندکارانی لە کۆلێژ و پەیمانگا تەکنیکییەکانی سەر بە زانکۆکە بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 ڕاگەیاند، کە هەردوو لقی زانستی و وێژەیی دەگرێتەوە.
لەو خشتە فەرمییانەی لەلایەن زانکۆکەوە بڵاوکراونەتەوە، کەمترین کۆنمرەی وەرگرتنی خوێندکاران لەسەر بنەمای سێ سیستمی جیاوازی وەرگرتن دیاریکراوە، کە بریتین لە سیستمی گشتی (زانکۆلاین)، خوێندنی هاوتەریب (پارالێل) و خوێندنی ئێواران.
لیستە ڕاگەیەندراوەکە سەرجەم پسپۆڕی و بەشە جیاوازەکانی وەک ئەندازیاری، پزیشکی، کارگێڕی، تەکنەلۆژی و تەکنیکییەکان لەخۆدەگرێت، کە لە کۆلێژ و پەیمانگاکانی سەر بەو زانکۆیە لە ناو شاری سلێمانی و قەزاکانی دەوروبەریدا دەخوێندرێن.