تەنها چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی، لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ناوچەی دیلۆڤاسی (سەر بە پارێزگای کۆجایلی لە تورکیا)، ڕێگری لە پێشکەشکردنی شانۆگەریی "مامۆستا" بە زمانی کوردی کرا.
ئەکتەری شانۆیی، باهۆز ئۆزسونار ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ئەمنی سەرەتا ڕێگەیان بە بەردەوامیی ئامادەکارییەکان دابوو، بەڵام پێش دەستپێکردنی نمایشەکە لە کاتژمێر ٨ی ئێوارەدا، بە بڕیاری قایمقامیەت و شارەوانیی دیلۆڤاسی (کە لەلایەن ئاکپارتییەوە بەڕێوەدەبرێت) بە پاساوی "نەبوونی مۆڵەت" ڕێگرییان لێ کراوە.
ئۆزسونار ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بەم بڕیارە دەربڕی و بە ئاماژەدان بە هەوڵەکانی ئاشتی ڕایگەیاند: "ئایا ئەم قەدەغەکردنە لەم قۆناغەی پرۆسەی دیموکراسیی نێوان دەوڵەت و دەم پارتیدا گونجاوە؟!
ئێمە زۆر دڵتەنگین بەم قەدەغەکردنانە، لە کاتێکدا کورد بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێت." هەروەها داوای لە پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کرد کە هاودەنگی نیشان بدەن.