بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، "فێستیڤاڵی کورتە فیلمی کوردی" لە سینەما سیتی لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت و لە فێستیڤاڵەکەدا 29 کورتە فیلم بەشدارى دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 11 خەڵاتی جیاواز.
کاوان عزیز وتەبێژی فێستیڤاڵەکە ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونى فێستیڤاڵەکە تەواو بووە و مەرجى وەرگرتنى کورتە فیلمەکان دەبێت 29 خولەک بێت، بەڵام فیلمە دۆکیۆمێنتاریەکان دەبێت ماوەکەیان 40 خولەک بێت.
گوتیشى: لە چالاکیەکەدا خەڵات بە 10 بەشی جیاواز دەبەخشرێت، جگە لەوەش خەڵاتی " شەرەف" بۆ هونەرمەندێکی پێشەنگ لەم بوارەدا تەرخان کراوە.
دەشڵێت: لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەکە لە کۆتا ڕۆژدا براوەکانی ئەو بەشانە ڕادەگەیەنن و تەنها خەڵاتی "باشترین هونەرمەند" لەلایەن بەڕێوەبەرى فێستیڤاڵەکەوە دیاری دەکرێت.
باسیلەوەشکرد: لە فێستیڤاڵەکەدا 29 کورتە فیلم لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە بەشدارى دەکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە فێستیڤاڵی کورتە فیلمی کوردی لە 11ـى نیسان لە شاری سلێمانی دەست پێبکات و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.