ئەمڕۆ ساڵیادی شۆڕشی 19ی تەممووزی ڕۆژئاوای کوردستانە، مەیدانی ئازادی و پەیکەری هەڵۆ لە شاری کۆبانێ، وەک دوو کۆڵەکەی مێژوویی و سیمبولی بەرگریی قارەمانانەی گەل و شەڕڤانان لە دژی زۆرداری و تیرۆر بە بەرزی ماونەتەوە و چیرۆکی قوربانیدان و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگێڕنەوە.
ئەم مەیدانە مێژووییە لە کاتی جێگیربوونی هێزەکانی فەرەنسا لە سووریا دروست کراوە. پەیکەری باز یان هەڵۆکە، لەلایەن هاووڵاتییەکی بەھرەمەندی کۆبانێیەوە تاشراوە و دواتر لە ساڵی 2006 لەلایەن شارەوانیی ڕژێمی سووریاوە لە ناوەڕاستی مەیدانەکەدا جێگیر کرا.
پێش دەستپێکردنی شۆڕش، ئەم پەیکەرە گۆڕەپانی ململانێیەکی بێدەنگی ناسنامە بوو، گەنجانی شۆڕشگێڕی شارەکە شەوانە دەچوون و پەیکەرەکەیان بە ڕەنگەکانی (زەرد، سوور و سەوز) دەنەخشاند، بەڵام هێزەکانی ڕژێمی بەعس بەیانیان زوو ڕەنگەکانیان دەسڕییەوە. لەگەڵ چەخماخەی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە 19ی تەممووزی 2012، ئەم شوێنە بووە چەقی کۆبوونەوەی خۆپێشاندەران و ناوی لە مەیدانی حزبییەوە گۆڕدرا بۆ "مەیدانی ئازادی".
لە 15ی ئەیلوولی 2014، چەکدارانی داعش هێرشێکی بەرفراوان و دڕندانەیان کردە سەر کۆبانێ و بەهۆی شەڕی کۆڵان بە کۆڵانەوە شارەکەیان بە تەواوی وێران کرد. دانیشتووانی شارەکە دەڵێن، لەو کاتەدا بەرد بەسەر بەردەوە نەما و هەموو شوێنێک وێران بوو.
دانیشتووانی کۆبانێ و ڕۆژئاوا باوەڕێکی نەگۆڕیان هەبوو و هەمیشە دەیانگوت: "هەتاکوو پەیکەری هەڵۆ لە شوێنی خۆی بێت و نەکەوێت، کۆبانێش ناکەوێت".
شەڕڤانانی ڕۆژئاوای کوردستان و گەل لە دەوروبەری ئەو مەیدانەدا بەرگرییەکی ئەفسانەیییان نیشاندا و مۆری خۆڕاگریی خۆیان لە مێژووی سەدەی 21دا دا، بە شێوەیەک تێکشکانی داعش لە کۆبانێ بووە سەرەتای کۆتاییهاتنی خەلافەتە تاریکەکەیان و پەیکەری هەڵۆش وەک شایەتحاڵێکی زیندوو بە پێوە مایەوە.