مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر خێزانە ئاوارە کوردەکانی کرد لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ سەرێ کانی و داوای لە هاووڵاتییان کرد دان بە خۆیاندا بگرن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند کە سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە دەکەن کە کرایە سەر خێزانە ئاوارە کوردەکان لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ شاری سەرێ کانی، کە پرۆسەی گەڕانەوەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی سوریا بەڕێوە دەچوو.
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوەش کرد: "تێگەیشتنمان بۆ کاردانەوە توڕەیییەکانی شەقامی کوردی بەرامبەر ئەم دەستدرێژییە هەیە، لە هەمان کاتدا داوا لە خەڵکەکەمان دەکەین کە دان بە خۆیاندا بگرن و بەدوای هیچ کردەوەیەکی ناپڕسپیارانەدا نەکەون، و پارێزگاری لە دامەزراوە مەدەنی و ئەمنییەکانمان بپارێزن."
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کار دەکەن بۆ زامنکردنی پاراستنی مەدەنییە ئاوارە گەڕاوەکان، و سزادانی هەموو ئەوانەی تێوەگلانیان لەم دەستدرێژییانەدا دەسەلمێت، بەجۆرێک کە مافی هەمووان و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزرێت.