بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 پلە کۆڵۆمبیا و چەند وڵاتێکی دراوسێی هەژاند، بەهۆیەوە دەیان باڵەخانە ڕووخان و زیانی گیانی و مادیی گەورە بەر ناوچە جیاوازەکان کەوت. تیمەکانی فریاگوزاری بەپەلە ڕەوانەی ناوچە زیانپێکەوتووەکان کراون بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە.
دەستەی ڕووپێویی جیۆلۆجیی کۆڵۆمبیا و ئەمریکا (USGS) ڕایانگەیاند، بومەلەرزەکە ئەمڕۆ دووشەممە 10ی ئابی 2026 ڕووی داوە و چەقەکەی بە قووڵایی 100 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە بووە. سەرەڕای ئەوەی سەرەتا گوڕەکەی بە 6.6 پلە دەستنیشان کرابوو، بەڵام دواتر بۆ 7.4 پلە بەرز کرایەوە. بەرپرسانی وڵاتەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، هیچ مەترسییەکی دروستبوونی تسۆنامی نییە، بەڵام بومەلەرزەکە لە وڵاتانی ئیکوادۆر، پەنەما و ڤەنزوێلاش هەستی پێکراوە.
سەرۆکشارەوانیی پێرێرا (شارێکە لە ڕۆژئاوای کۆڵۆمبیا) گیانلەدەستدانی لانیکەم 18 کەسی پشتڕاست کردەوە. لە شاری کالی (سێیەم گەورەترین شاری کۆڵۆمبیا)، سەرۆکشارەوانی ئەلێخاندرۆ ئیدێر ڕایگەیاند لانیکەم 20 باڵەخانە ڕووخاون و خەڵکێکی زۆر ژێرخاک کەوتوون، ئێستاش بە درۆن هەڵسەنگاندن بۆ قەبارەی زیانەکان دەکرێت.
پارێزگاری چۆکۆ ئاشکرای کرد لە شاری کیبدۆی پایتەختی پارێزگاکە زیانی گیانی و مادیی زۆر تۆمار کراون. لە ناوچەی گەشتیاریی ئیخێ کافێتێرۆ بڕینی هێڵەکانی کارەبا و پەیوەندی و ڕووخانی باڵەخانەکان گوزارشتی لێکراوە.
کارلۆس گالان، سەرۆکی شارەوانی ڕایگەیاند، زیانەکان تەنها درزتێبوونی رووکاری دەرەوە بوون، بەڵام هاووڵاتییان بەهۆی ترسەوە ڕژانە سەر شەقامەکان.
ئابێلاردۆ دێ لا ئەسپریێلا، سەرۆکی کۆڵۆمبیا بڕیاریدا ڕاستەوخۆ سەردانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بکات. هاوکات ئاژانسی فڕۆکەوانیی شارستانیی کۆڵۆمبیا گەشتە ئاسمانییەکانی لە شەش فڕۆکەخانەی ڕۆژئاوای وڵاتەکە (پێرێرا، مانیزالێس، کیبدۆ، ئەرمێنیا، کارتاگۆ و بۆیناڤێنتورا) ڕاگرت.
ئەم بومەلەرزەیە لە کاتێکدایە، پێشتر و لە 24ی حوزەیرانی ڕابردوودا، دوو بومەلەرزەی بەهێز بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلە ڤەنزوێلایان هەژاند و بوونە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە شەش هەزار کەس.