لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی خوێندنی 2026-2027، زمانی کوردی وەک ماددەیەکی هەڵبژاردە بە شێوەیەکی فەرمی دەخرێتە نێو سیستمی خوێندنی قوتابخانەکانی سووریاوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی مافە کولتووری و زمانییەکان و بەهێزکردنی فرەچەشنی لە چوارچێوەی شوناسی نەتەوەیی سووریادا.
بڕیارەکە لەسەر بنەمای فەرمانی ژمارە 13 دێت کە لە کانوونی دووەمی 2026ـەوە دەرچووە، و تێیدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە هاووڵاتیانی کوردی سووریا بەشێکی بنەڕەتیی گەلی سووریان و زمانی کوردی وەک زمانێکی نەتەوەیی لەو ناوچانەی کە کورد تێیاندا زۆرینەن، لە قوتابخانە حکومی و ئەهلییەکاندا دەخوێنرێت.
بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە، ماددەکە هەفتەی دوو کاتژمێر دەبێت و نمرەکەی لە کۆنمرەی گشتیدا ئەژمار دەکرێت بە بێ ئەوەی بۆ دەرچوونی قوتابکار کاریگەریی نەرێنی هەبێت.
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا، ناوەندی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی شێوازەکانی پەروەردە کار لەسەر ئامادەکردنی پرۆگرام و کتێبی کوردی دەکات، هەروەها ڕێکارەکان بۆ دابینکردن و ڕاهێنانی مامۆستایانی لێهاتوو لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی نووسراو و زارەکییەوە دەست پێ کردووە، تاوەکو لە وادەی دیاریکراودا پڕۆسەکە بكەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.