کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی ئامادەکارییەکانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شارەکەیان گەیاندووەتە قۆناغی کۆتایی و ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە دەبێتە وەچەرخانێکی گرنگ بۆ پاراستنی ناسنامەی ڕەسەنی شارەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی پرۆسەی گۆڕینی دیموگرافی.
محەمەد حاجۆ، ئەندامی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هاوار ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا 647 خێزان وەک یەکەم کاروانی ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە سەرێکانی. ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی گەڕانەوەکە لەژێر پاراستنی راستەوخۆی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بە سەرپەرشتیی نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە بەڕێوە دەچێت.
ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 29ی کانونی دووەمی نێوان هێزەکانی سوریا دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سوریا ئۆپراسیۆنی بۆ دەکرێت. پێشتریش سەرچاوە خۆجێییەکان پشتڕاستیان کردبووەوە، کە ڕێکارەکانی پاککردنەوەی مین و پاشماوە تەقەمەنییەکان لە ناوچەکەدا بە ڕێژەی 90٪ کۆتایی پێهاتووە و ڕێگا بۆ گەڕانەوەی ئارامی هاوڵاتییان خۆش کراوە.