مەزڵوم عەبدی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دانیشتووانی کۆبانێ، ئاشکرای کرد کە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە پشێوییەکان و ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی گرتووخانەی شارەکە پێکهێنراوە، هاوکات جەختی لەپێویستیی بەفەرمیناساندنی زمانی کوردی کردەوە.
مەزڵوم عەبدی، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دانیشتووانی شاری کۆبانێ، تاووتوێی دواین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان، ئاڵۆزییەکانی گرتووخانەی شارەکە و پرسی خوێندن بە زمانی کوردی کرد.
لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی شارەکەوە، عەبدی ڕایگەیاند کە لیژنەیەکی تایبەتی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی گرتووخانەی کۆبانێ و پشێوییەکان پێکهێنراوە تاوەکو ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بێن.
پەیوەست بە ڕێککەوتننامەی 29ی کانوونی دووەم و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێک لە پرسە سەرەکییەکان چارەسەرکراون.
سەبارەت بە پرسی زمانی کوردیش، ڕایگەیاند کە گفتوگۆکان بەردەوامن و داوا دەکەن سیستەمی خوێندن "نیوە بە نیوە" بە زمانی کوردی و عەرەبی بێت و زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لەپاڵ زمانی عەرەبیدا دانی پێدا بنرێت.