وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە نوێترین پێشهاتدا ڕایگەیاند کە ئاستی هەماهەنگییە ئەمنییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێکی باڵا و هاوبەشییەکی فراوان لەنێوان هەردوولادا هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، کە دەرەنجامەکەی هەڵوەشاندنەوەی چەندین باند و گرووپی مەترسیداری بڵاوکردنەوەی ئەو ماددانە بووە لە ناوچە جیاوازەکاندا.
لەم چوارچێوەیەدا عەباس بهادلی، بەرپرسی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ماددەی هۆشبەر ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکان تەنها لە ڕەهەندە ئەمنییەکەدا کۆنەبوونەتەوە، بەڵکو لە ڕووی مرۆیی و کۆمەڵایەتییەوە هەنگاوی گەورە نراوە و تا ئێستا 7,500 ئاڵوودەبوو لە سەنتەرەکانی چاکسازی چارەسەریان وەرگرتووە و چاکبوونەتەوە.
لەنێویاندا زیاتر لە 1,700کەسیان بە تەواوی پرۆسەی شیاندنەوەی کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە و وەک هاووڵاتییەکی تەندروست تێکەڵ بە ژیانی ئاسایی و ناو خێزانەکانیان کراونەتەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە ستراتیژی نوێی دەوڵەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵوودەبووان وەک قوربانی نەک تەنها وەک تاوانبار.