وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕی زیاتر لە 663 ملیار دینار وەک بەشێک لە تەمویلی موچەی مانگی چوار خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان و چاوەڕوان دەکرێت سبەی تەمویلەکە تەواو بکرێت.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 11-05-2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بڕی 663 ملیار و 805 ملیۆن دینار، وەک بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق."
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی موچە، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە کە چاوەڕوان دەکرێت سبەی سێشەممە "گوژمەی تەواوکاری" موچە بگاتە هەولێر.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "لەگەڵ گەیشتنی تەواوی تەمویلەکە و وەرگرتنی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی، ڕاستەوخۆ خشتەی موچە ڕادەگەیێندرێت و دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی چواری دەکرێت."
بڕیارە بە گەیشتنی گوژمەکانی دیکەی پارە لە بەغداوە، وەزارەتی دارایی کۆتایی بە دابەشکردنی موچەی مانگی چوار بهێنێت کە چەند ڕۆژێکە فەرمانبەران چاوەڕێی ڕاگەیاندنی خشتەکەی دەکەن.