وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتدا، ژێرخانی چارەسەرکردنی نەخۆشیی شێرپەنجە گەشەسەندنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا زۆربەی نەخۆشەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر پێویستیان بە سەفەرکردن بۆ دەرەوەی وڵات نەماوە.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "بەهۆی دروستکردنی نەخۆشخانە و سەنتەری نوێ، دابینکردنی ئامێری زۆر پێشکەوتوو و دابینکردنی دەرمانی پێویست، توانراوە زۆربەی ئەو نەشتەرگەری و چارەسەرە تیشکی و کیمیاییانەی کە پێشتر هاونیشتمانیان لە دەرەوەی وڵات بە پارەیەکی زۆر دەیانکرد، لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لە کەرتی گشتیدا بەخۆڕایی یان بە تێچوویەکی کەم پێشکەش بکرێن."
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد، پەرەپێدانی ئەم کەرتە لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بووە؛ لەوانەش دروستکردنی سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک لە هەڵەبجە، ڕاپەڕین و زاخۆ، لەگەڵ نوێکردنەوەی سەنتەری چاندنی مۆخ لە نەخۆشخانەی هیوای سلێمانی. هەروەها پڕۆژەی نەخۆشخانەی 150 قەرەوێڵەیی شێرپەنجە لە هەولێر و فراوانکردنی سەنتەری ژیانەوە لە سلێمانی لە قۆناغی جێبەجێکردندان.
بەگوتەی د. سامان بەرزنجی، بەهۆی ئاستی بەرزی پسپۆڕانی کورد و بوونی ئامێری پێشکەوتوو لە کەرتی گشتی و تایبەتی هەرێمی کوردستاندا، ئێستا نەک هەر نەخۆشانی ناوخۆ، بەڵکو ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.