لە ئەنجامی بۆسەیەکی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار، پێنج پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) گیانیان لەدەستدا.
ئەمەش هاوکاتی چڕبوونەوەی هێرشە درۆنییەکانی تارانە بۆ سەر کەمپەکانی ئەو حیزبە لە هەرێمی کوردستان.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیاند، درەنگانی شەوی چوارشەممە، لە کاتی شەڕ و پێدادانێکدا لە ناوچەی "قەزقاپان"ی سەر بە شاری پیرانشار، پێنج پێشمەرگەیان کەوتنە بۆسەی هێزەکانی سوپای پاسداران و گیانیان لەدەستدا.
ناسنامەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە پێکهاتوون لە: عەبدوڵڵا حاجی عەبدوڵڵا، فەردین چەنگیزی، کارۆ هورمزیاری، محەممەد خاکزاد (خاکی) و تەوانا عوسمانی.
هاوکات میدیا فەرمییەکانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە شەڕێکی قورس لە نێوان هێزەکانی قەرارگای "حەمزە سەیدولشوهەدا"ی سەر بە سوپای پاسداران و هێزە کوردییەکان لە ناوچەکانی پیرانشار و سەردەشت ڕوویداوە، بەبێ ئەوەی ئاماری وردی کوژراوانیان بخەنەڕوو.
لای خۆشیانەوە، میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران بانگەشەی تێکشکاندنی "تیمێکی چەکدار"یان لە گوندێکی نزیک سەردەشت کردووە.
لەسەر هەمان مژار، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاشکرای کردووە کە دوو ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی جیاواز لە نێوان پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی کوردی و هێزەکانی سوپای پاسداران لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا ڕوویانداوە و زیانی گیانیی لە هەردوولا پشتراوەتەوە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدان، دوای دەستپێکردنی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردووەوە، تاران هێرشەکانی بۆ سەر پارتە کوردییەکان چڕتر کردووەتەوە؛ ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک کە گوایە هێزە کوردییەکان بە پاڵپشتیی ئەمریکا پلانی هێرشی زەوینییان لە ناوخۆی ئێرانە.
لە پاڵ ئەم گرژیانەدا، درەنگانی شەوی چوارشەممە کەمپێکی حدکا لە ناحیەی دێگەڵەی سەر بە پارێزگای هەولێر لە ڕێگەی دوو درۆنەوە کرایە ئامانج، بەڵام هێرشەکە چەند زیانێکی مادی لێکەوتەوە و هیچ قوربانییەکی لێ نەکەوتەوە.
هاوکات لە پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان، دوو ئەندامی بەسیج لەلایەن دوو چەکداری ماتۆڕسکیل سوارەوە کوژران و چەند ئەندامێکی دیکەی سوپای پاسدارانیش لە شەڕی دژ بە گەریلاکانی پژاک کوژراون.