کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پهیڕهوی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانی پەسەندکرد و مۆڵەتی کارکردنی بۆ چوار ساڵی داهاتوو، دایەوە به بزوتنەوەی گۆڕان.
ڕۆڤان سەروەت رێگەپێدراوی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای حزبهكهی رایگەیاندووه، وەفدێکی باڵای بزوتنەوەکە بە سەرپەرشتی رێکخەری گشتی، سەردانی فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی سەر بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیان لە بەغداد کرد.
دهشڵێ، پەیڕەوی ناوخۆی بزووتنەوەکە كه لە کۆنفرانس دەنگی لەسەر درابوو، لەلایەن کۆمیسیۆنەوە پەسەندکراو بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی مۆڵەتی یاسایی بۆ چوار ساڵی داهاتوو وەرگرتەوە.
بەهۆی ناکۆکییه ناوخۆییەكانیهوە، لە ماوەکانی رابردوودا بزوتنەوەی گۆڕان بەسەر دوو ئاڕاستهدا دابەشبوون، ئاڕاستهی گردی زەرگەتە و ئاڕاستهی کوردسات، لە کۆنفڕانسهكهی 16ی شوباتی كهركوك، دانا ئەحمەد مەجید كه له ئاڕاستهی كوردسات بوو بە رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە ههڵبژێردرا، ئاڕاستهی گردهكهش بایكۆتی كۆنفرانسهكهیان كرد.