ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، بەهۆی ڕوخانی خانوویەک بەسەر خێزانێکدا لە گەڕەکێکی کەرکوک کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەتی تەمەن 31 ساڵ گیانی لەدەستدا و سێی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری نوچە تیڤی لە کەرکوک، خانوویەک لە گەڕەکى قۆرییەى کەرکوک بەسەر خێزانێکدا ڕووخا، کە خۆیان بۆ ئاهەنگی مارەبڕین ئامادەکردبوو، بەهۆیەوە کچێکی تەمەن 31 ساڵی نابیست کە ناوی
تەبارەک موحسینە، گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش کە خوشکی قوربانییەکەن بریندارن.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، گومان دەکرێت کوڕێکی تەمەن پێنج ساڵان هێشتا لە ژێر دار و پەردووی خانووە داڕماوەکە مابێتەوە.
هاوکات، ژنێکی تەمەن 24 ساڵ و منداڵێکی 12 ساڵیش بەهۆی بریندارییەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری کەرکوک بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.