ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی لێدوان و ڕەفتارە ناڕوونەکانی بەرپرسانی ئەمریکاوە، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکیان سەبارەت بە بەشداریکردن یاخود نەکردن لە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد نەداوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ڕەفتار و لێدوانە دیپلۆماسییەکانی لایەنی ئەمریکی جێگەی قبوڵ نین و هەر ئەم ڕەفتارانەش وایانکردووە، کە نییەتی لایەنی ئەمریکی بخرێتە ژێر پرسیارەوە و تاوەکو ئێستا ئێران هیچ بڕیارێکی سەبارەت بە بەشداریکردن یاخود نەکردن لە دانوستانەکاندا نەداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەرەتای دەستپێکردنی دانوستانەکان ئەمریکا ئاگربەستی پێشێل کردووە و گەمارۆ دەریاییەکان یەکێکن لە نموونەکانی ئەم پێشێلکارییە دەشڵێت، ئەم هەوڵانەی ئەمریکا بەرانبەرە بە "تیرۆریزمی دەوڵەتی" و "چەتەی دەریایی".
ئەوەشی گوتووە، هەر کاتێک لەوە دڵنیاببنەوە کە دیپلۆماسی لە بەرژەوەندیی ئێراندایە، سەرجەم ڕێکارە دیپلۆماسییەکان جێبەجێ دەکەن و جەختیشیکردووەتەوە، ڕەفتارەکانی ئەمریکا لەگەڵ دیپلۆماسییەتدا ناگونجێت و تەنیا لەپێناو دروستکردنی کاریگەریی لەسەر ڕای گشتیدایە.