ڕاستەوخۆ

دایکانی ئاشتیی کوردستان داوای یەکڕیزیی نیشتمانی دەکەن

reset font size increase font size

دایکانی ئاشتیی کوردستان بەبۆنەی گیانلەدەستدانی چوار ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و شەش پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان، داوای یەکڕیزیی زیاتر لە نێوان گەلی کورد و لایەنە سیاسییەکاندا دەکەن.

دایکانی ئاشتی ڕایانگەیاندووە، هەرچەندە ئەو شەهیدانە سەر بە پارت و ئایدۆلۆژیای جیاواز بوون، بەڵام خاوەنی یەک ناسنامە، یەک نیشتمان و یەک ئامانج بوون بۆ خزمەتکردنی گەلی کورد؛

بۆیە لەدەستدانیان نەک تەنیا کارەساتە بۆ بنەماڵەکانیان، بەڵکو برینێکە لە جەستەی تەواوی نەتەوەی کورددا.

جەختیان کردووەتەوە کە خوێنی ئەو قوربانییانە دەبێت ببێتە پردی هاوپشتی نەک هۆکاری قووڵبوونەوەی ململانێ و جیاوازییە سیاسییەکان.

 ئەوان دەڵێن، نابێت هیچ بەرژەوەندییەکی حیزبی و سیاسی لەسەرووی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی گەلی کوردەوە دابنرێت یان گیانی یەکڕیزی لاواز بکات.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیاندا، داوا لە خەڵکی کوردستان، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کەسایەتییە نیشتمانییەکان و ڕێکخراوە سیاسییەکان کراوە کە چالاکانە بەشداری لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردن و یادکردنەوەی ئەو شەڕڤان و پێشمەرگانەدا بکەن، تاوەکو نیشانی بدەن کە گەلی کورد لە کاتی تەنگانەدا یەکگرتووە و ڕێز لە قوربانیانی خۆی دەگرێت، بێ گوێدانە جیاوازیی حیزبی.

هاوكات، دایکانی ئاشتی داوایان لە "بەرەی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" کردووە کە ڕۆڵێکی کاریگەرتر و چالاکتر لە خزمەتکردنی دۆزی کورددا بگێڕن.

ئاماژەیان بەوەش کردووە کە چاوەڕوانیی خەڵک لە هاوکاریی نێوان حیزبەکان، تێپەڕینە لە بەیاننامەی هاوبەش، کۆبوونەوەی فەرمی و هەنگاوی هێمایی، و پێویستە بگۆڕدرێت بۆ هەماهەنگیی کرداری، پلانی هاوبەش و هەنگاوی ڕاستەقینە لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەماندا.

ڕاگەیەندراوەکە لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە داهاتوویەکی گەش تەنیا لە ڕێگەی دیالۆگ، هاوپشتی، ڕێزی دوولایەنە و هاوکاریی ڕاستەقینەی نێوان هەموو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە بەدی دێت، و هیوایان خواستووە کە یەکڕیزیی نیشتمانی ببێتە گەورەترین وەفا بۆ خوێنی سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

دایکانی ئاشتیی کوردستان، گروپێک لەو دایکانە پێکهاتوون کە ڕۆڵەکانیان بوونەتە قوربانی یان بەندکراوی سیاسین، و لەم ساڵانەی دواییدا وەک سیمبولی خەبات لە پێناو دادپەروەری، ئاشتی، یەکسانی و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لە کوردستاندا دەناسڕێن.

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.