ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا دوایین دیداری خۆیانیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکردەوە، کە بەشێکی تایبەت کراوە بە ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سیاسەتەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک).
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئۆجالان سیاسەتی پژاکی بە دروست و ڕاست زانیوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ستراتیژیی پاراستنی گەل، بە بێ ئەوەی بکەوێتە ژێر کاریگەریی لایەنەکانی دیکە، هەنگاوێکی پێویست و لەجێی خۆیدایە.
هاوکات ئۆجالان جەختی کردووەتەوە، دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێران دەستبەجێ لەسێدارەدان ڕابگرن و کۆتایی بە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچە کوردییەکان و هەرێمی کوردستان بهێنن، ڕوونیشی کردووەتەوە، لە حالەتی بەردەوامیی هێرشەکاندا، کورد مافی خۆپاراستنی ڕەوای هەیە و پێویستە تورکیاش لەم پرسەدا ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت.