وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی کەمکردنەوەی هەناردەی غاز لەلایەن کۆمپانیای داناغازەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 1000 مێگاوات کەمی کردووە.
وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، ئەم هەنگاوەی کۆمپانیای داناغاز ڕاستەوخۆ کاریگەریی سەرەکیی لەسەر تۆڕی گشتیی کارەبا دروستکردووە و بووەتە هۆی دابەزینی سەرجەمی کارەبای بەرهەمهێنراو.
هاوکات ڕوونیشی کردەوە، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدان لەگەڵ کۆمپانیای داناغاز، بە مەبەستی چارەسەرکردنی خێرای گرفتەکە و ئاساییبوونەوەی هەناردەی غاز بۆ وێستگەکان، تاوەکو بەرهەمهێنانی کارەبا بگەڕێتەوە ئاستی ئاساییی پێشتری خۆی.