فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، مەزڵوم عەبدی لە شاری کۆبانێ لەگەڵ خێزانی شەهیدان، بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان و ئەو شەڕڤانانە کۆبووەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا ئازادکرابوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، کەسوکاری دەستبەسەرکراوان داوایان کرد چارەنووسی منداڵەکانیان بە زوویی ڕوون بکرێتەوە و ڕەخنەی توندیان لە حکومەتی کاتی سوریا گرت بەهۆی دواخستنی پڕۆسەی ئازادکردنی دیلەکان.
لە بەرانبەردا مەزڵوم عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە دۆسیەی دیل و دەستبەسەرکراوەکان لە ئەولەویەتی یەکەمی کارەکانیاندایە و هێزەکانیان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی کۆنکرێتی لە نزیکترین کاتدا.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە هاوکات سەردانی بنەماڵەی ئەو کەسانەی کرد کە لە هێرشەکانی 6ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا (2026) لەلایەن گروپەکانی سەر بە حکومەتی کاتییەوە شەهید ببوون و سەرەخۆشی لێکردن، کە بەپێی ئامارەکان لەو هێرشانەدا 264 کەس لە سەربازی و مەدەنی شەهید بوون و 120یان خەڵکی کۆبانێ بوون؛ جێی ئاماژەیە تا ئێستا 31 شەڕڤانی دەستبەسەرکراوی خەڵکی کۆبانێ ئازادکراون و هێشتا 39ی دیکەیان لەژێر دەستی ئەو گروپانەدا ماونەتەوە.