پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران، بووەتە یەکێک لە گرنگترین و ئاڵۆزترین خاڵەکانی ناکۆکی نێوان تاران و واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: چارەنووس و شوێنی ڕاستەقینەی ئەم ماددە هەستیارانە لە کوێیە؟
ئیستا چەقی ململانێی ئێران و ئەمریکا لەسەر سەدان کیلۆگرام یۆرانیۆمە کە ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا تا ئاستی 60% پیتاندوێتی، ئاستێک کە هێشتا بەس نییە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام لە ڕووی تەکنیکییەوە تەنیا هەنگاوێکی کورت دوورە لە گەیشتن بە بڕی 90% کە بۆ چەکی ئەتۆمی پێویستە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لەناوبردنی ئەم پاشەکەوتە لە ناوەوە یان دەرەوەی ئێران دەکات، بەڵام ئێران هەمیشە ئەم داوایەی ڕەتکردووەتەوە.
ساڵێک بەسەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان لە جەنگی 12 ڕۆژەدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆ ناتوانێت بە دڵنیاییەوە بڵێت چەندە لەم پاشەکەوتە ماوەتەوە، لە چ دۆخێکدایە و بەتەواوی لەکوێ حەشار دراوە.
بۆچی ئێران یۆرانیۆمی 60%ی هەیە؟
لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 (برجام)، تاران ڕازی ببوو پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستی 3.67%دا بهێڵێتەوە کە تەنیا بۆ سوتەمەنی وێستگەکانی کارەبا بەکاردێت.
بەڵام دوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا (2018)، ئێران قۆناغ بە قۆناغ پابەندییەکانی کەمکردەوە و ئاستەکەی گەیاندە 20%
دۆخەکە لە نیسانی 2021دا بە تەواوی گۆڕا؛ دوای تەقینەوە و بڕانی کارەبا لە دامەزراوەی نەتەنز، کە ئێران وەک کارێکی تێکدەرانەی ئیسرائیل ناوی برد، تاران دەستی بە پیتاندنی 60% کرد.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) ڕایگەیاند کە ئێران تەنیا وڵاتی نائەتۆمیی جیهانە کە گەیشتووەتە ئەم ئاستە بەرزە لە پیتاندن.
پێش دەستپێکردنی جەنگی 12 ڕۆژە، ئاژانسەکە مەزەندەی دەکرد کە پاشەکەوتی یۆرانیۆمی 60%ی ئێران گەیشتووەتە 440 کیلۆگرام.
ئەم ماددانە زیاتر لە شێوازی گازی هێگزا فلۆرایدی یۆرانیۆم (UF_6) لە ناو جێگەی پۆڵاینی تایبەتدا هەڵدەگیرێن کە توانای گواستنەوەیان هەیە.
ناوەندی سەرەکیی بەرهەمهێنانەکەش فۆردۆ و نەتەنز بوون.
گومانەکان لەسەر دامەزراوە ژێرزەمینییەکانی ئەسفەهان
یەکەم سەرەداوی گرنگ لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییەوە هات.
ئاژانسەکە پێش جەنگ ڕایگەیاندبوو کە لە مانگی 12ی 2024ـەوە چاودێریی چڕی بەسەر کۆمەڵگەی ئەسفەهاندا سەپاندووە، چونکە ببووە ناوەندێکی سەرەکی بۆ کۆکردنەوە و گواستنەوەی کەرەستە هەستیارەکان.
حەوت مانگ دوای جەنگ، ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە ڕاپۆرتی شوباتی 2026دا ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە، جووڵەی بەردەوامی ئۆتۆمبێلی لە دەوروبەری کۆمەڵگەی توونێلەکانی ئەسفەهان بەدی کردووە.
لە ئازاری 2026، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە ڕایگەیاند: "پێشبینی دەکەین زیاتر لە 200 کیلۆگرام یۆرانیۆمی 60%ی ئێران هێشتا لە ناو تاقیگە و ژێرزەمینەکانی ئەسفەهاندا مابێتەوە."
هۆکاری سەرەکیی ئەم سەرنجەش ئەوەیە کە لە کاتی جەنگدا، بە پێچەوانەی نەتەنز و فۆردۆ کە بە بۆمبی قورسی سەنگەرشکێن داپۆشران، تۆڕی توونێلەکانی ئەسفەهان بە موشەکی کروزی "تۆماهۆک" پێکران، ئەمەش وایکرد ناواخنی توونێلە قووڵەکان لە تێکچوونی پێکهاتەیی بەدوور بن و پاشەکەوتەکە لەوێدا پارێزراو بێت.
بارهەڵگرەکە، محافزە شینەکان و گریمانەی گواستنەوە
سەرەداوێکی تری سەرنجڕاکێش، وێنەیەکی مانگی دەستکردی کۆمپانیای "ئێرباس" بوو کە ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی بڵاویکردەوە.
وێنەکە ڕێک چوار ڕۆژ پێش دەستپێکردنی جەنگی 12 ڕۆژە تۆمارکراوە؛ بارهەڵگرێکی گەورە لە نێزیک دەروازەی باشووری توونێلەکانی ئەسفەهان دەردەکەوێت کە 18 محافزەی شینی ستوانەیی بارکردووە.
پسپۆڕانی ئەتۆمی لە "بولتن دانشمندان اتمی" ڕایانگەیاند کە ئەم بارە دەتوانێت تا ٥٤٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بێت، کە ئەمەش هاوتایە لەگەڵ تەواوی پاشەکەوتی ئێران لەو سەردەمەدا.
ئەم وێنەیە ئەو گریمانەیە بەهێز دەکات کە ئێران پێش کاتژمێری سفری هێرشەکان، کەرەستە بەنرخەکانی بۆ شوێنێکی تر گواستووەتەوە.
هاوکات، ڕاپۆرتەکان دەڵێن سێ دەروازەی سەرەکی توونێلەکانی ئەسفەهان بە تەواوی بە خۆڵ داپۆشراون، کە ئەمەش نیشانەی پاراستنی شوێنەکەیە نەک چۆڵکردنی.
گێڕانەوەی بەرپرسانی ئێران
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری ڕاپۆرتێکی نهێنیی "ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا" بڵاویکردەوە، "ئێران بەشێکی زۆری یۆرانیۆمەکەی پێش هێرشەکان بۆ شوێنی نادیار و بچووکی نهێنی گواستووەتەوە و بۆردومانەکان تەنیا بڕێکی کەم لە ماددەکانیان لەناو بردووە."
لەلایەکی دیکەوە، گێڕانەوەی فەرمیی بەرپرسانی ئێران تەمومژاوییە؛
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران: چەندین جار ڕایگەیاندووە کە یۆرانیۆمەکە لە ژێر داروپەردووی وێرانبووی وێستگە بۆردومانکراوەکاندایە و ئێستا تاران هیچ پلانێکی بۆ دەرهێنانیان نییە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە: لە نیسانی ٢٠٢٦دا گوتی: "یۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ ئێمە پیرۆزە، وەک چۆن خاکی ئێران پیرۆزە و نافروشرێت و ناگوازرێتەوە بۆ دەرەوە."
چەند سەرچاوەیەکی باڵای ئێران بۆ ڕۆیتەرز: ڕێبەری کۆماری ئیسلامی فەرمانی داوە کە بە هیچ شێوەیەک یۆرانیۆمی پیتێندراو لە ئێران نەبرێتە دەرەوە، چونکە هێشتنەوەی لە ناوخۆدا وەک قەڵغانێکە بەرامبەر هێرشەکانی داهاتوو.