بزووتنەوەی حەماس بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی خۆی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند؛ ئەم هەنگاوە بە مەبەستی ڕادەستکردنی تەواوی دەسەڵاتە کارگێڕی و حکومییەکانە بە "لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە".
ئیسماعیل سەوابتە، سەرۆکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حەماس ئاماژەی بەوە کردووە کە محەممەد فەڕا، سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاریی حکومەت، بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کردووە و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لیژنەکەی داوە، تاوەکو ڕێگە خۆش بێت بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ لیژنە نیشتمانییەکە.
ڕاپۆرتە فەڵەستینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتە، بە ئامادەبوون و هەماهەنگیی لایەنە جیاوازەکانی فەڵەستین، ئەنجوومەنی باڵای هۆزەکان و نوێنەری چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان داڕێژراوە و جێبەجێ دەکرێت.
لای خۆیەوە بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاندووە، ئەم بڕیارە مێژووییە بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی ناوماڵی فەڵەستین، یەکخستنی ناوەندەکانی بڕیار و کەمکردنەوەی نەهامەتی و کێشە بەردەوامەکانی خەڵکی کەرتی غەززە گیراوەتەبەر.