وەزیری دەرەوەی ئیمارات، سەرکۆنەی هێرشێکی ئێران بۆ سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری سەر بە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبو زەبی لە گەروی هورمز کرد و بە "کردەوەی چەتەیی دەریایی" ناو برد.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات دەڵێت، بەکارهێنانی گەروی هورمز وەک ئامرازێک بۆ گوشاری سیاسی و باج وەرگرتنی ئابووری، بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێگری و چەتەییی دەریاییە.
دەشڵێت، ئەم هەنگاوانەی تاران هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و دابینکردنی ئاسایشی جیهانیی وزە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئیمارات داوای لە ئێران کردووە دەستبەجێ ڕاگرتنی تەواوەتیی هەموو جۆرە هێرش و کردەوەیەکی دوژمنکارانە ڕابگەیەنێت و گەروی هورمز بە شێوەیەکی تەواو و بێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە بەڕووی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا بکاتەوە.