پەرەسەندنەکانی نێوان تاران و واشنتن چووە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدارەوە. دوای ئەوەی ئەمریکا بە هێرشی ئاسمانی ناوچەکانی باشووری ئێرانی کردە ئامانج، تاران وەڵامی دایەوە و بە بەکارهێنانی موشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان "درۆن"، ژمارەیەک بنکەی سەربازیی ئەمریکای لە ناوچەکەدا کردە ئامانج.
تاران: هێرشەکانی ئەمریکا پێشێلکاریی نێودەوڵەتییە
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشەکانی ئەمریکای بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان" ناوبرد.
تاران جەخت دەکاتەوە کە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا "سەرچاوەی دەستدرێژی" بوون و هێرشەکانی ئەوانیش وەک "مافی ڕەوای بەرگری" ئەنجامدراون.
هێرشە هاوبەشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا
سوپای پاسداران و سوپای ئێران لە چالاکییەکی هاوبەشدا، گورزی سەربازییان لە بنکەکانی ئەمریکا لە چەند وڵاتێکی ناوچەکە وەشاند.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان هێرشەکان بەم جۆرەبوون:
ئوردن: سپای پاسداران بە بەکارهێنانی موشەکی دوورهاوێژ، بنکەی ئاسمانی "ئەلزەرقا"ی کردە ئامانج.
ئێران دەڵێت، ئامانجەکان بریتی بوون لە حەشارگەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-٣٥ و ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا.
بەحرەین و کوێت: هێزەکانی ئێران بە شەپۆلێکی فراوانی درۆن، بنکەی فلوتەی پێنجەمی دەریایی ئەمریکایان کردە ئامانج و سیستەمە رادارییەکانیان پەکخست.
سەرچاوە ئەمریکییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە بە لایەنی کەمەوە ٤ موشەکی بالیستی و چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەم هێرشانەدا بەکارهاتوون.
سەرەتای ئاڵۆزییەکان لە کوێوە دەستی پێکرد؟
بنەمای ئەم ئاڵۆزییانە بۆ ڕووداوەکانی گەرووی هورمز و خستنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێکی "ئەپاجی" ئەمریکا لە ئاوەکانی دەریای عومان دەگەڕێتەوە.
ئەمریکا بەو هۆیەوە هێرشی ئاسمانی دەستپێکرد، تاران-یش ئەو هێرشانەی وەک دەستدرێژی بۆ سەر باشووری ئێران وەسف کرد و وەڵامدانەوەکەی بە "کردەوەی بەرامبەر" ناوزەد کرد.
تاوەکو ئێستا، واشنتن هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر وردەکاریی زیانە گیانی و ماددییەکان نەداوە.
بەڵام بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکان لە میدیاکانی ئێران، دەریدەخەن کە دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزییەکی زیاتر دەچێت و شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات چووەتە ئاستێکی نوێوە.