فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی بەرگریی بەحرەین، دانیشتنێکی تایبەت بە گفتوگۆی ئەمنیی هەرێمیی لە شاری مەنامە بەڕێوەبرد؛ \\تێیدا فەرماندە سەربازییەکانی 12 وڵاتی ناوچەکە بەشدار بوون کە بۆ یەکەمجارە سوپای سوریا و لوبنانیش تێیدا بەشدار دەبن.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە 1ی تەممووزی 2026 بەڕێوەچوو، ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازیی وڵاتانی (بەحرەین، میسر، ئوردن، کوێت، لوبنان، عومان، قەتەر، عەرەبستانی سعوودی، سوریا، ئیمارات، یەمەن و عێراق) بارودۆخی ئەمنیی ئێستای ناوچەکە و دەرفەتەکانی پەرەپێدانی هاوکاریی بەرگریی هاوبەشیان تاوتوێ کرد.
فەرماندەکان جەختیان لەسەر پابەندبوونی خۆیان بۆ پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز و بەردەوامیی جووڵەی ئازادانەی بازرگانی لەو دەروازە ئاوییە گرنگەدا کردەوە.
لەمبارەیەوە ئەدمیراڵ کوپەر ڕایگەیاند: "ئێمە بەردەوامین لە وەستان لە پاڵ هاوبەشە هەرێمییەکانمان،" ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم گفتوگۆیانە دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی هاوبەشە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەورەترین و پێشکەوتووترین سیستمی بەرگریی ئاسمانی و دژەمووشەکی لە جیهاندا بەڕێوەدەبەن.
شایەنی باسە لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا، سێنتکۆم بە هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە ژوورێکی نوێی بۆ هەماهەنگیی بەرگریی ئاسمانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزراند، بە مەبەستی گۆڕینەوەی زانیاری، ئاگادارکردنەوە لە مەترسییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی حاڵەتە لەناکاوەکان.