پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئەو هەواڵانەی میدیاکانی نزیک لە حکومەتی تورکیا ڕەتدەکاتەوە کە باسی ئەوە دەکەن کات و مەودای "یاسای چوارچێوە" بۆ پرۆسەی چارەسەری سنووردارە و گشتگیر نییە؛ ڕاشیگەیاند کە حکومەتی تورکیا دڵنیایی داوەتێ کە کار لەسەر یاسایەکی بەرفراوان دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەم پارتی، لە 25ی ئایاری ڕابردوودا کۆبوونەوەیەک لە نێوان عەبدوڵا ئۆجالان، شاندی ئیمراڵی، بەرپرسانی دەم پارتی و نوێنەرانی حکومەتی تورکیا بەڕێوەچووە، تێیدا پێشنیازەکانی پەیوەست بە یاسای چوارچێوە بۆ پرۆسەی چارەسەری گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.
دوابەدوای ئەمەش، شاندی ئیمراڵی سێ جار لەگەڵ بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کۆبووەتەوە و بەرپرسانی حکومەتیش ڕایانگەیاندووە کە ئەوان کار لەسەر داڕشتنی یاسایەکی بەرفراوان دەکەن.
ئەم ڕوونکردنەوەیەی دەم پارتی دوای ئەوە دێت کە بەشێک لە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە؛
یاسای چوارچێوە سەرکردەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ناگرێتەوە و هاوشێوەی "یاسای پەشیمانی" دەبێت. دەم پارتی ناڕەزایەتیی توندی لە دژی ئەم پێشنیارە گەیاندووەتە ئەنقەرە و بەرپرسانی حکومەتی تورکیاش لای خۆیانەوە دەم پارتییان دڵنیاکردووەتەوە کە ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە و ئامادەکارییەکانیان بۆ داڕشتنەوەی یاسایەکی بەرفراوان بەردەوامە.